Saturday 5 September 2015

تۆڵە

ئەم بخچەیە بۆ خۆتان
چیدى هەنار ڕن نیم و,
پاک کەرەوەى ژێرتان نابم.

چیدى پیاسەى ئەم نیشتمانە,
ئاخ بەم دڵە هەڵناکێشێ.
شەرەف تکا, ئابڕۆ نەما.
چاو ڕووى نایا سەرهەڵبڕێ.
لەشفڕۆشێ لە جنسى من پاکترە.
بەرپرسم لە:
گوڵە وەریوەکانى سەر سنگى یار,
بێ سەرى هاوڕێکەم و,
خنکاوى باوکم.

ئەوە ڕۆیشتم.
ئێوەش وەرن, وە دووم کەون.
ئاسمانیان گرت
بە زەوى بڕۆن
زەویان گرت
بە ئاوا بڕۆن
ئاویان گرت
زەوى دوو شەق بکەن
لە ناخى زەوى جەرگ بڕیان کەن.

لە دوو فاقى ئەوان و 
ناو گەڵ پیسى ئێرە
هیچم لە ناخ نامێنێتەوە
جگە لە ڕق, ڕق , ڕق

با بڕۆین...
چیان پێ ناخۆش بوو, با بیکەین
ڕقیان لە بانگە,
گوێیان کەڕ بکەن بە اللە
ڕقیان لە جگەرەیە,
ناخیان ڕەش کەن بە دووکەڵ.

کلیلەکە لە دەستمانە
دەرگاى دۆزەخیان بۆ بکەنەوە
ناخۆشیەکانیان پێ ببەخشن.
ڕیشدار بن,
گەمەى ترسیان لەگەڵ بکەن
تاعونى خەمیان تیا بچێنن
باڵى شادیان شەق و پەق کەن.

ئەبێ بچێژن ...
کە توورە بووین, چى ئەکەین.
چۆن خوانیان پڕ تف ئەکەین
خۆمان ئەخەینە خەویشیانەوە.
وا ئەکەین
تفەنگ لە سێبەرى گولە بترسێ

ئەم نهێنیە بەسە
ئەوان بۆ ئەوە لە بوونن,
پرسیار بخەنە سەر بوونى ئێمە.
بوونى ئێمەش
ئەبێ پرسیار بخاتە سەر خەندەیان.

بێسار کوردستانى
 

Hansk